نەورۆز

          🌹نەورۆز🌹

جەژنی نەورۆز کۆنترین جەژنە کەلەناو گەلی کورددا جێگایەکی بەرز و پیرۆزی هەیە ،هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا گشت کوردستان بە جلوبەرگی کوردی و خواردنی کوردەواری ڕوو لە دەشت و دەر دەکەن وبەئاهەنگ و گۆرانی پێشوازی لەم ڕۆژە پیرۆزە دەکەن و ئاگردەکەنەوە کەڕەمزی سەرکەوتن وهیواکانی کورد بووە لەدێر زەمانەوە.

نەورۆز واتە [ڕۆژێکی نوێ] کە سەرەتای ساڵی نوێی کوردییە وسەرەتای وەرزی بەهار و کۆتای هاتنی سەرما  و سۆڵەی زستانە ،هەزاران ساڵە گەلی کورد ئاهەنگ دەگێڕێت بەم بۆنەیەوە، وبەجەژنێکی نەتەوایەتی ونیشتیمانی دادەنرێت لە مێژووی کورددا، ئەو چیرۆکانەی کەدەربارەی نەورۆز دەگێڕدرێتەوە ، ئاماژە بە سەرکەوتنی هێزی ئاشتی و خاوەن ماف و زۆر لێکراوان دەدات بەسەر دوژمن و زۆرداری خوێنڕێژدا، بۆ ئەو مەبەستە لەسەر لوتکەی چیا سەرکەشەکانی کوردستان،ئاگری سەرکەوتنیان کردووەتەوە ، وەک نیشانەیەک بۆ کۆتایی هاتنی ستەم و نادادپەروەری وسەرکەوتنی هێزی ڕووناکی بەسەر هێزی تاریکیدا.

جەژنی نەورۆز نامەی خۆشەویستی و ئاشتییە لەلایەن میللەتێکەوە کە گشت مافەکانی لێ زەوت کراوە وسەردەمێکی دوور و درێژە کە شەیدای سەربەستییە . جەژنی نەورۆز لەلایەک بەواتای کۆتایی هاتنی زستان و سەرەتای ئازادبوونی سروشتە لەبەفر و باران و سەرمای سەخت وبوژانەوەی سروشتی ڕەنگینی کوردستانە بەگوڵ و گوڵزار و سەرچاوەکانی ژیانی مرۆڤ ، لەلایەکی تریشەوە نەورۆز میراتێکی مێژوویی دانیشتوانی کوردستانە ، کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گەلی کورد یەکێکە لە کۆنترین ئەو گەلانەی کەلەسەر زەوی ژیاوە و دەستی بە کشتوکاڵ کردووە و لەئەشکەوتەکاندا ژیانی بەسەر بردووە، ئەم دوو لایەنەش لەیەک مەبەستدا یەکدەگرێتەوە، کەئەویش سەربەستییە ، سەربەستی بۆ مرۆڤ ، سەربەستی بۆ سروشت ، سەربەستی بۆ داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری لە پێناو ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ مرۆڤایەتی.

شاعیران و ڕووناکبیرانی کوردیش لە بەرهەمەکانیان باسیان لە بەرز ڕاگرتن و پیرۆزی ئەم ڕۆژە کردووە وەک مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و مەولەوی ودیارترینیان هۆنراوە بەرزەکەی پیرەمێردی شاعیرە کە بووە سونبول و ڕەمزی نەتەوایەتی لە دڵ و دەروونی هەموو کوردێکی دڵسۆز ، وە ئاگری نەورۆز لە دڵ و دەروونی هەموو کوردێکدا بە شکۆداری بمێنێتەوە.
لەکۆتاییدا پێویستە بە مەشخەڵی نەورۆز ڕێگا سەختەکانی ژیانمان ڕوون بکەینەوە و بە ئامانج و ئاواتەکانی چەندین ساڵەی کورد بگەین و کۆتایی‌بە ستەم و نایەکسانی بهێنین،هەر بۆیە دەتوانین نەورۆز بە جەژنی شادی و خۆشی دابنێین بۆ ستەم لێکراوان و ڕۆژی هەڵهاتنی خۆری ئازادی و یەکسانی و دادپەروەرییە.

      🌷DOCTOR🌷                          






تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

پاراستنی ژینگە

لێبوردەیی